Psalms 111

1هەلیلویا!

بە هەموو دڵەوە ستایشی یەزدان دەکەم،
لە ئەنجومەنی سەرڕاستان و لە کۆبوونەوەکان.

2کردارەکانی یەزدان مەزنن،
هەموو ئەوانەی لێی ورد دەبنەوە خۆشی لێ دەبینن.
3بەرز و شکۆمەندە کردارەکانی،
ڕاستودروستییەکەشی هەتاهەتایە چەسپاوە.
4وای کردووە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی یاد بکرێنەوە،
یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە.
5خواردن دەداتە ئەوانەی لێی دەترسن،
هەمیشە پەیمانی خۆی لەبیرە.

6هێزی کردارەکانی خۆی نیشانی گەلەکەی داوە،
بەوەی کە میراتی نەتەوەکانی پێداون.
7کردارەکانی دەستی دڵسۆزی و دادپەروەرییە،
ڕێنماییەکانی جێی متمانەن،
8هەتاهەتایە چەسپاون،
بە دڵسۆزی و سەرڕاستی دروستکراون.
9کڕینەوەی بۆ گەلی خۆی نارد،
فەرمانی هەتاهەتایی بۆ پەیمانەکەی داوە،
پیرۆز و سامناکە ناوی.

10لەخواترسی سەرەتای داناییە،
تێگەیشتنێکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کار بە ڕێنماییەکانی دەکەن.
ستایشکردن بۆ ئەوە هەتاهەتایە چەسپاوە.
Copyright information for CkbKSS